ئێران بڕی بەردانەوەی ئاو بۆ نێو خاکی عێراق کەم دەکاتەوە و بەرپرسێکی ئەو وڵاتەش ئاشکرای دەکات، بڕیارێکی فەرمی هەیە بۆ گرتنەوەی بەشێک لەو ئاوەی دەڕژێتە ناو خاکی عێراقەوە.
یاسم خانمحەممەدیان، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی سامانە سروشتییەکانی پارێزگای ئیلام لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران ڕایگەیاند" گرتنەوەی بەشێک لەو ئاوەی کە دەڕژێتە نێو خاکی عیراقەوە پەیوەستە بەسیاسەتی پێشووی وڵاتەکەیان، کە بریتییە لە راگرتنی سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکانی نێوان هەردو وڵات".
ئاماژەی بەوەش کرد، زۆربەی ئاوی ئێران بۆ عێراق دەڕوات، بۆیە دەبێت کارێک بکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگری کردن لە ڕۆشتنی بەشێک لەو ئاوە.
خانمحەممەدیان ئەوەشی خستووەتەڕوو، پارێزگای ئیلام ٦٤١ هەزار هێکتار دارستانی سروشتی و ٧٨٠نهەزار هێکتار لەوەڕگەی تێدایە کە بۆ ئاژەڵداری بەکاردێت، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە هەزار جۆری ڕووەکی هەیە کە زۆربەیان لەدروستکردنی دەرماندا بەکار دەهێنرێن، بۆیە گرتنەوەی سەرچاوە ئاوییەکان دەرفەتێکە بۆ پەرەپێدان بەو ناوچانەی کە پێویستییان بە ئاو هەیە.