سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە عێراقی نوێ قبووڵی نییە شوێنکەوتەی هیچ وڵاتێک بێت،و وتی" عێراقی نوێ قبووڵی نییە شوێنکەوتەی هیچ وڵاتێک بێت".
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئەهرامی میسری، تیشکی خستە سەر چەند بابەتێکی پەیوەست بە دۆخی نێوخۆی وڵات و پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان و وتی" پێمان باش بوو ببینە پردێک بۆ گفتوگۆ نەک گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێیەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵی نێوەندگیریمان بینیوە لە نێوان سعوودیە و ئێران، ئوردون و ئێران و میسر و ئێران. ئەوەشمان لەبیرە کە ئێران لە شەڕی دژی داعش لە ٢٠١٤ لەگەڵمان وەستابوو".
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند" ئەوەی عێراقییەکان جیادەکاتەوە، شانازیکردنیان بە وڵاتەکەیان و کەرامەتەکەیانە کە ڕێگەیان پێنادات ژێردەستە و شوێنکەوتووی کەس بن".
سودانی ئاشکراشی کرد" عێراقی نوێ قبووڵی نییە شوێنکەوتەی هیچ وڵاتێک بێت، عێراق بەهێز و سەقامگیرە. پەیوەست بە دۆخی سووریا، هیچ شتێکمان لە سووریا ناوێت، تەنیا دەمانەوێت ڕێککەوتنەکان جێبەجێ بکات و پارێزگاری لە سووریایەکی یەکگرتوو و سەقامگیر بکات و ڕووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە".