تەندروستی عێراق: ١٦ کەس بە هۆی تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە

وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایدەگەیەنێت کە ١٠٧ حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارکاروە و ١٦ کەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ی حەزەیران سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت" تاوەکو ئێستا ١٠٧ حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە تەواوی عێراق تۆمارکراوە و ١٦ حاڵەتی گیانلەدەستدانیشمان هەبووە".

سەیف بەدر روونیشیکردەوە، زۆرترین حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای زیقار بووە بە تۆمارکردنی ٣٠ حاڵەتی تووشبوون و حاڵەتێکی گیانلەدەستدان.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق جەخت لە گرنگیی پێویستی گرتنەبەری رێکاری ئەمنیی توند دەکات بۆ رێگەگرتن لە سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان و داوای قەدەغەکردنی بەخێوکردنی مەڕوماڵات لە ناو گەڕەکەکان دەکاتەوە.

سەیف بەدر جەختیش دەکاتەوە لەوەی لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانە سەرەکییەکانی نەخۆشییەکە، پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکرێت، بەڵام کاتێک نیشانە پێشکەوتووەکانی نەخۆشییەکە لە کەسی تووشبوودا دەردەکەوێت، ئەوکات ئەگەری چاکبوونەوەی لاوازتر دەبێت و زۆرترین حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانیش، بەهۆی درەنگ سەردانیکردنی تووشبووەکانەوە بووە بۆ نەخۆشخانە.




PM:10:19:05/06/2025