وەزیری نەوتی عێراق: بەدیلمان هەیە لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز

وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت" سەرجەم ئەو کارمەندانەی لە کێڵگە نەوتییەکان کار دەکەن بەهۆی ڕووداوەکانی ناوچەکە عێراقیان بەجێنەهێشتووە". دەشڵێت" کارەکانی بەرهەمهێنان بەردەوامن". 

حەیان عەبدولغەنى وەزیرى نەوتى عێراق، ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە" 
وەزارەت فڕۆکە و هێڵی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی بەسرەوەوە دابین کردووە بۆ گۆڕینی کارمەندانی کۆمپانیا بیانییەکان کە بە شۆفت کاردەکەن، بەڵام بەهۆی ڕاگرتنی هێڵی ئاسمانی لە ئیمارات و قەتەر و چین و هەندێک وڵاتی دیکە ڕێگری لە گەشتەکەیان کرا". 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆیشتنی فەرمانبەر و پسپۆڕانی بیانی لە هەر بوارێکدا بە مانای کشانەوە نییە، بەڵکو گۆڕینی ئەو کارمەندانەیە کە ساڵانێکە بە شۆفت کاردەکەن. 

وەزیری نەوتی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا چالاکی هەناردەکردنی نەوت جێگیرە، بەڵام ئەگەر گەرووی هورمز دابخرێت، ئەوا بەدیلەکانی هەناردەکردن هەیە کە وەزارەتی نەوت کاری لەسەر دەکات. 

دوپاتیشیکردەوە، ئەمڕۆ وەزارەت کارەکانی گەشەپێدانی تەواوکردووە و بەرهەمهێنانی لە هەندێک بواردا زیادکردووە، واتە کارکردن بەبێ هیچ بەربەستێک بەردەوامە. 



PM:09:41:21/06/2025