بەرپرسی ئەمنی میلیشیاكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" دەستبەرداری چەکەکانمان نابین و بە بژاردەیەكی ستراتیژی دەزانین و سازشی لەسەر ناكەین".
ئەبو عەلی عەسكەری بەرپرسی ئەمنی میلیشیاى حزبوڵای عێراق، ئەمشەو شەممە پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" با هەموو جیهان بزانێت، چەكەكانمان سپاردەی ئیمامی مەهدیە و بڕیاری وازهێنانیش لێی، تەنها بەدەستی ئەوە".
دەشڵێت" زەحمەترین دۆخ كە كەسانی شەرفمەند و ئازاد پێیدا تێپەڕبن ئەوەیە، گوێیان لە داوێن پیس بێت باس لە پاكێتی و شەرەف بكات، لە شورەییەكانی دونیاش ئەوەیە، ناپیاو و ژنانی بڕیار لەوە بدەن، چەكی بەرەنگاری دەبێت چۆن بێت".
ئەبو عەلی عەسکەری ڕاشیگەیاندووە" پێویستە ئەوانەی گومانی باشیان پێدەبەین، قسە لەسەر چەكی داگیركەری ئەمریكا و بنكەكانی بكەن، باس لە چەكی داگیركەری توركیا بكەن لە وڵات، باس لە چەكی پێشمەرگە بكەن، كە پەیوەیستە بە قەوارەی زایۆنی".
ئەم پەیامەی عەسکەری لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو" ڕاستی جێگیر نابێت، درۆش شکستناهێنێت، تەنها بە ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان و بەهێزکردنی سوپا و پۆلیس و گرەنتیکردنی سەربەخۆی و ملکەچنەکردنی عێراق، هەروەها بەدواداچوونی ڕژد بۆ چاکسازی و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران نەبێت".