سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، گرنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بێت، بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی عێراق لە جێبەجێکردنی ئەرکە داراییەکانی بەردەوام بێت.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" سودانی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا، ئاماژەی بە جێبەجێکردنی بڕیاری (٥٥٠)ی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، کە لە دانیشتنی نائاسایی ١٧ی تەموزی ٢٠٢٥ دەرچووە، سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی دارایی و کارگێڕی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو هەوڵانەشی بەرزنرخاندووە کە بووە هۆی دەرکردنی بڕیارەكە".
لە راگەیەنراوەکەشدا هاتووە" سودانی لە كۆبونەوەكەدا، جەختی لە گرنگی پابەندبونی حکومەتی هەرێم کردووەتەوە بە جێبەجێکردنی ئەرکە داراییەکانی بەپێی یاسا و دەستور، بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بتوانێت بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی ئەرکە داراییەکانی".
بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا کە ١٧ تەممووز ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کرد، هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتی بەرهەمهێنراوی ئێستا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات کە بە ٢٣٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە مەزەندە کراوە، ٥٠ هەزار بەرمیلی دیکەشی بۆ پێویستیی نێوخۆ و بەرهەمە نەوتییەکان بەکاردەهێنێ، هەروەها رادەستکردنی ١٢٠ ملیار مانگانە لە داهاتی نانەوتی.