سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا هۆشداری له مه‌ترسیه‌كانی دروستبوونی شه‌ڕێكی نوێ له ناوچه‌كه ده‌دات، بۆ رێگریكردن له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی نوێش ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی بۆ كاركردن له‌گه‌ڵ ئێران و ئه‌مریكا و فه‌ره‌نسا ده‌ربڕی.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌كه‌ی، ئه‌مڕۆ شه‌ممه ٣٠ی ئابی ٢٠٢٥ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نساوه پێگه‌یشت و په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و رێگاكانی چه‌سپاندنی هاوبه‌شی و هاوكاری له بواره جیاجیاكانیان تاووتوێ كرد، هاوكات باسیان له پرسه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه جێ بایه‌خه‌كانی هه‌ردوولا كرد.
له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا سودانی ئاماژه‌ی به هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عێراق بۆ ئه‌نجامدانی كۆنفرانسی ناوچه‌یی له به‌غدا بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرسه‌كانی ناوچه‌كه كرد و جه‌ختیكرده‌وه له "گرنگی سه‌ردانه‌كه‌ی داهاتووی ماكرۆن بۆ به‌غدا".
سودانی بۆ ماكرۆن جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه "عێراق گرنگی به گه‌شه‌پێدانی ئابووری ده‌دات، به له‌به‌رچاوگرتنی ڕۆڵی بنیاتنه‌ری له ناوچه‌كه‌دا"، هۆشداریشی دا له "مه‌ترسیه‌كانی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕێكی نوێ كه هه‌ڕه‌شه له ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه ده‌كات".
سودانی راشیگه‌یاند كه "عێراق هه‌موو هه‌نگاوێكی پێویست له به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی خۆیدا ده‌نێت و خزمه‌ت به ئامانجی ڕێگریكردن له شه‌ڕ ده‌كات له ڕێگه‌ی دیالۆگ له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان".
لای خۆیه‌وه ئیمانوێل ماكرۆن ستایشی "ئاستی ئاسایش و سه‌قامگیری به‌دیهاتوو له عێراق و هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی بۆ پاراستنی سه‌قامگیری وڵات" كرد، "شانازی فه‌ره‌نسای به په‌یوه‌ندییه ستراتیژییه قووڵه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و خواستی به‌رده‌وامبوونی له پشتیوانیكردنی عێراق" دووپاتكرده‌وه.