وەزیری سەرچاوەکانی ئاو: ئەم ساڵ ساڵیکی باراناوییە

‌عەون زیاب- وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق


وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، عەون زیاب، ڕایدەگەینێت "لە دوای گەورەترین وشکە ساڵی لەم ساڵدا، پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵیکی باراناوی بێت، بە تایبەت لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوبات و ئازاردا".

شەممە، ١٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، بە میدیاکانی عێراقی وتوە "ئومێد دەکرێت ئەم ساڵ ساڵێکی پاراو بێت و پشکی زۆرینەش بەر پارێزگای دهۆک و موسڵ دەکەوێت، بارانی مامناوەندیش لە ناوچەکانی سلێمانی و هەولێر و دیالە دەبارێت، ئێستا لە سەرەتای وەرزی بارانبارینداین و پێویست ناکات ئاو عەمبار بکەین، بەڵکو گرنگی دەخەینە سەر ئاودانی گەنمی چیندراو".

ئەو وەزیرە باسی لەوەش کردوە، ساڵی ٢٠٢٥ یەکێکبوە لەو ساڵانەی زۆرترین ووشکەساڵی بەخۆیەوە بینیوە، لەم دوو ڕۆژەشدا ئاماری وردی ڕیژەی بارانبارین بڵاو دەکەنەوە.

عەباس جەبر مالیکی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق مانگی ئەیلولی ئەم ساڵ لە کۆڕبەندی وەبەرهێنانی عیراقدا، ووتی "ساڵانە ٥٠٪ ی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق لەدەست دەچێت، وە ئەو قەیرانی بێ ئاویەی عێراق ڕوبەڕوی بۆتەوە لە ماوەی ٩٠ ساڵدا هاوتای نەبوە".




PM:05:48:15/11/2025