ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی ژمارە ٧ـی وەرزی یاسادانانی خۆی ئەنجام دەدات. بەگوێرەی کارنامەیەک کە پێشتر لەلایەن فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانەوە بڵاوکراوەتەوە، کۆبوونەوەکە کاتژمێر ١ـی نیوەڕۆ دەستپێدەکات و تیایدا پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریش لە کارنامەکەدایە.

بەگوێرەی کارنامەکە، دانیشتنەکەی ئەمڕۆ لە دوو تەوەری سەرەکی پێکدێت:

تەوەری یەکەم؛ تایبەتە بە ئەدای سوێندی یاسایی لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە، کە پێشتر سوێندیان نەخواردووە یان وەک شوێنگرەوەی پەرلەمانتارانی دیکە دیاریکراون.

تەوەری دووەم؛ ئەم تەوەرە گرنگترین بڕگەی کۆبوونەوەکەیە و وەک وێستگەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان و هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دادەنرێت.

ئەم دانیشتنەی پەرلەمان لە چوارچێوەی پابەندبوونە بە ماوە دەستوورییەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستە سیادییەکان. جێی ئاماژەیە، بڕیاربوو سێشەممەی رابردوو پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوە بچێت، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ ئەمڕۆ دواخرا.

بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لە دوای ٢٠٠٣ ، عێراقی نوێی لەسەر بنیادنراوە، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پشکی کوردە و لایەنە کوردستانییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کاندیدیان بۆ پۆستەکە هەیە.

هەرچەندە سەرەتا ٨١ کەس سیڤی خۆیان بۆ کاندیدبوونی پۆستی سەرۆک کۆماری پێشکەش کردبوو، بەڵام دواجار، رۆژی هەینی ٢٣ی کانوونی دووەم، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کۆتا لیستی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆماری بڵاوکردەوە. لیستەکە لە ١٩ کەس پێکهاتبوون، بەڵام نەوزاد هادی، کە یەکێک بوو لە دوو کاندیدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کێبڕکێی خۆ کاندیدکردن کشایەوە؛ بۆیە ئێستا ١٨ کاندید لە کێبرکێی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ماونەتەوە.





AM:10:04:01/02/2026