سەرۆکی حزبی تەقەدوم، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاشکرایکرد، هەرگیز سەردانی هەولێر ناکات و جەختی کردەوە کە دەبێت ئەو تێڕوانینە خۆبەزلزانییە کۆتایی بێت.
محەمەد حەلبوسی، ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر داوای لێکراوە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بچێتە هەولێر و ڕازی بێت، بەڵام ئەو ڕەتی کردووەتەوە و ئێستاش لەسەر هەمان هەڵوێستە.
وتیشی'' کێشەی لەگەڵ گەلی کورد نییە، بەڵام شێوازی مامەڵەکردنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بە دروست نازانێت و پێیوایە دەبێت هەڵوێستی هاوشێوەیان بەرامبەر وەربگیرێت تا بگەنە ئەو قەناعەتەی کە شێوازی ئێستای مامەڵەکردنیان پێویستی بە گۆڕانکاری و واقیعبینی هەیە.''
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، حەلبوسی پرسی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی وروژاند و دەڵێت'' وەک چۆن دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە سەرۆک وەزیرانی عێراق کاربەڕێکەر بێت، بۆچی سەرۆک وەزیرانی هەرێم هەمان ڕێوشوێنی بەسەردا جێبەجێ ناکرێت؟'' لە کاتێکدا بە وتەی ئەو ماوەیەکی درێژە کاتی یاسایی حکومەتی هەرێم تەواو بووە.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە دەبێت سەرۆک وەزیرانی هەرێمیش تەنها دەسەڵاتی خەرجکردنی مووچەی هەبێت و نەتوانێت کەس لە پۆستی باڵا دابمەزرێنێت یان گرێبەست واژۆ بکات، ڕێک وەک ئەوەی لە بەغداد هەیە.