سودانی و مالیکی: پێویستە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت

محەممەد شیاع سودانی و نوری مالیکی کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر پێویستی تەواوکردنی پابەندبوونە دەستوورییەکان کردەوە، بە تایبەت پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمانی عێراق کە وەک هەنگاوێکی چارەنووسساز بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی دەبینرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنە نیشتمانییەکان کرا. ئامانجەکە گەیشتنە بە رێککەوتنێکی گشتگیرکە ڕێگە خۆش بکات بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستە باڵاکان و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی سیاسی لە وڵاتدا.

هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەردەوامبوونی حکومەت کردەوە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، ئاوەدانکردنەوە و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری عێراق، بە جۆرێک کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان هەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ سەرۆک کۆمار ڕێکنەکەوتوون و ناڕەزایەتی بەرامبەر هەندێک ناوی پێشنیارکراو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران (وەک مالیکی) لەلایەن لایەنە ناوخۆییەکان و ئەمریکاوە هەیە.




AM:09:45:12/02/2026