سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا جەختی لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی تەواوەتی "تاریقەی گومرگی" و سیستەمی ئەلیکترۆنی "ئاسیکۆدا" کردەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی ئابووری و چارەسەرکردنی ئەو ناهاوسەنگییە داراییانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا کەڵەکە بوون.
محەمەد شیاع سودانی، فەرمانی کردووە بە پاڵپشتیکردنی تەواوی ڕێکارەکانی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە خاڵەکانی پشکنینی هاوسنوور لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئامانج لەم بڕیارە زامنکردنی یەکخستنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی ڕسووماتی یەکسانە لە سەرجەم دەروازەکانی عێراقدا بۆ ئەوەی کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە لە بازاڕەکاندا دروست ببێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیران، ئەم هەنگاوانە تەنها بۆ ڕێکخستنی کارگێڕی نین، بەڵکو ئامانجیان بەهێزکردنی پارێزگارییە لە بەرهەمی ناوخۆیی و کۆکردنەوەی جیاوازی ڕسووماتەکان بەشێوەیەکی ڕێکخراو، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە زیادکردنی داهاتی گشتی و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە دەربازبوونێکی یاسایی لە باج و گومرگ.
ئەم بڕیارانە تەواوکەری هەوڵەکانی پێشووی حکومەتن، کە تێیدا بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان دراوە بۆ یەکخستنی سیستەمی باج، سودانی سوورە لەسەر ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەکانی هەرێم، سیستمێکی دارایی و گومرگی یەکگرتوو لە سەرتاسەری وڵاتدا جێگیر بکات.