ئەمریکا هۆشداری سەپاندنی سزای ئابوری دەداتە عێراق

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکدا عێراق ئاگادار دەکاتەوە کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لێکەوتەی نەرێنی زۆری بۆ گەلی عێراق دەبێت. 

کەناڵی "الحرە" بلاویکردەوە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی هێزە سیاسییەکانی عێراق کرد و ڕایگەیاند، کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لێکەوتەی نەرێنی زۆری بۆ گەلی عێراق دەبێت و واشنتۆن ناچار دەکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغداد هەڵبسەنگێنێتەوە. 

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئەولەویەتی وڵاتەکەی کۆتاییهێنانە بە هەژموونی میلیشیاکانی سەر بە ئێران و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی تاران لە ناو سیاسەتی عێراقدا. 

واشنتۆن ڕایگەیاندووە "بەدوای هاوبەشێکدا دەگەڕێت هاوڕای ئامانجەکانی بێت، کە بریتین لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان".

 بەپێی زانیارییەکانی کەناڵەکە، ئیدارەی ترەمپ ڤیتۆی لەسەر کاندیدکردنی مالیکی هەیە و پەیامی وردی ناردووە سەبارەت بەو سزایانەی کە ڕەنگە ڕووبەڕووی عێراق ببنەوە ئەگەر ئەم هۆشدارییانە پشتگوێ بخرێن




PM:03:33:19/02/2026