ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپ فشارێکی چڕی خستووەتە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی خۆی لەژێر هەژموونی ئێران ڕزگار بکات و تێبینی لەسەر کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران نیشان داوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی مۆنیتەر واشنتن لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەوە نامەیەکی هۆشداریدانی ئاراستەی بەغدا کردووە کە حەوت مەرجی سەرەکی لەخۆدەگرێت.
لە ناوەڕۆکی نامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق بەرژەوەندی گەلی وڵاتەکەی بخاتە پێش هەموو شتێکەوە و بە شێوەیەکی نزیک لەگەڵ ئەمریکا کار بکات.
یەکێک لە سەرەکیترین داواکارییەکانیش هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گروپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران و ڕادەستکردنی چەکەکانیانە لە ماوەی شەش بۆ دوازدە مانگدا.
هاوکات واشنتن داوای کردووە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی بە تەواوی هەڵبوەشێنرێنەوە و ئەندامەکانیان لەناو پێکهاتەکانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراقدا بە شێوەیەکی پیشەیی تێکەڵ بکرێن.
بەشێکی دیکەی مەرجەکانی ئیدارەی ترەمپ پەیوەستە بە پاککردنەوەی دامودەزگاکانی دەوڵەت لە دەستوەردانی دەرەکی، بەجۆرێک داوا کراوە سەرجەم ڕاوێژکار و بریکارەکانی ئێران لە ناوەندەکانی بڕیار دووربخرێنەوە و چاکسازی بنەڕەتی لە سیستەمی دادوەری و دارایی بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە، جگە لەوەش ئەمریکا داوای پێکهێنانی کابینەیەکی حکومی لە کەسانی لێهاتوو و تەکنۆکرات دەکات کە دڵسۆزییان تەنها بۆ دەوڵەتی عێراق بێت نەک بۆ کوتلە سیاسییەکان و ئەجێندای وڵاتانی دراوسێ.
لە کۆتایی نامەکەدا هۆشداری دراوە کە عێراق دەبێت هاوبەشییەکی ئابوری و ئەمنی بەهێز لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بنیاد بنێتەوە و دوورکەوتنەوە لەم ڕێڕەوە مەترسی گەورە بۆ سەر داهاتووی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات دروست دەکات، ئەم فشارانەش لە کاتێکدایە کە لایەنە شیعییەکان هێشتا لەسەر کاندیدکردنی نوری مالیکی سوورن و پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ بەهۆی ئەم کێشمەکێشە نێودەوڵەتی و ناوخۆییانەوە ڕووبەڕووی دواکەوتن و ئاڵۆزی زیاتر بووەتەوە.