فوئاد حوسێن: بەردەوامیی شەڕ بازاڕی وزە تێکدەدات

فواد حسێن جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق ڕۆژی یەکشەممە هۆشداری دا سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکە لەسەر سەقامگیریی بازاڕەکانی وزەی جیهانی و جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامیی ئەو ململانێیانە دەبێتە هۆی گەورەترکردنی گێژاوی ئابووری.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەو پرسە لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان ئەو و فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود وەزیری دەرەوەی سعودیە سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانیان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری وروژێنراوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە "پێویستی کاری بەپەلە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکە و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی و هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان" و "گرنگی پاراستنی ڕێڕەوی دەریایی گرنگ و بەتایبەت گەرووی هورمز، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی ستراتیژییەکەی بۆ ئابووریی جیهانی و ئاسایشی وزە".

فواد حسێن دەڵێت "بەردەوامی شەڕەکە دەبێتە هۆی گەورەترکردنی گێژاوی بازاڕەکانی وزە و کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری بازاڕی جیهانی دەبێت".

هەردوو وەزیر جەختیان لەوە کردەوە کە باشترین ڕێگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان گەڕانەوەیە بۆ ڕێگای ئاشتیانە و گرتنەبەری دیالۆگ و دانوستان وەک بژاردەی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان. 




PM:03:17:01/03/2026