بارەگای خاتەم لئەنبیا: عێراق لە هەموو کۆتوبەندەکانی گەرووی هورمز دەبەخشرێت

وتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەم لئەنبیای ئێران، لە پەیامێکی نوێدا دەستخۆشی لە هەڵوێستی گەل و حکومەتی عێراق کرد بۆ پشتگیریکردنیان لە تاران.

ڕایگەیاند'' بەهۆی ئەم وەفادارییەوە، عێراق لە هەر جۆرە کۆتوبەند و ڕێگرییەک کە لە گەرووی هورمزدا سەپێنراوە، دەبەخشرێت.''
وتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کرد، هەڵوێستی گەلی عێراق لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل و کاردانەوەیان بۆ شەهیدبوونی ڕێبەری باڵای ئێران، ورە و ئیرادەی زیاتری بە تێکۆشەرانی ئێران بەخشیوە. 

جەختی کردەوە کە گەلی ئێران لەم جەنگەدا بە تەنیا نییە و عێراقی وەک "برا و هاوپەیمان" وەسف کرد.

هەروەها ڕایگەیاند'' ئەو سزایانەی ئێران لە گەرووی هورمزدا جێبەجێی دەکات، تەنیا وڵاتانی دوژمن دەگرێتەوە و عێراق ئازادە لە هەناردەکردنی نەوت و گواستنەوەی کاڵاکانی بە ناو ئەو گەرووە ستراتیژییەدا.''

ئەم بڕیارەی تاران وەک پاداشتێک دەبینرێت بۆ ئەو هەڵوێستە سیاسی و جەماوەرییەی عێراق کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نیشانی داوە.




PM:08:33:04/04/2026