سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی شەممە ١١ی نیسانی ٢٠٢٦ی بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق دیاری کردووە و تاوەکو ئێستاش ٨ فراکسیۆنی جیاواز لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بڕیاری بەشداریکردنیان داوە، لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری بایکۆتکردنی دانیشتنەکەی داوە.
لە سەر ئاستی عێراق هەریەک لە فراکسیۆنەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، قوی الدولە، سادقون، تەقەدوم و بابلیۆن بە فەرمی ڕایانگەیاندووە کە بەشداری دانیشتنەکە دەبن.
هەروەها لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کاندیدکردنی نزار ئامێدی و فراکسیۆنی نەوەی نوێش بە فەرمی بەشدار دەبن.
هاوکات هەریەک لە فراکسیۆنەکانی هەڵوێست و کۆمەڵ و یەکگرتوو بڕیاری بەشداریکردنیان داوە و موسەننا ئەمین وەک کاندیدی هاوبەشی ئەو سێ لایەنە دیاریکراوە.
ئەم دانیشتنەی سبەینێ لە کاتێکدایە کە ململانێیەکی توند لە نێوان جەمسەرە سیاسییەکاندا هەیە و سەرەڕای بڕیاری بایکۆتی پارتی، ئەم ٨ فراکسیۆنە هەوڵ دەدەن نیسابی یاسایی دانیشتنەکە تەواو بکەن و پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە وادەی دەستووریی خۆیدا جێبەجێ بکەن.