بڕیارە ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەبچێت

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر ١١ پەرلەمانی عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار کۆببێتەوە، لە کاتێکدا زیاتر لە ٢٣٠ پەرلەمانتار ئامادەیی خۆیان نیشانداوە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ناوی ئەو کەسانەش دەکرێت کە دانیشتنەکە بایکۆت دەکەن.

کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان تەنیا یەک خاڵ لەخۆدەگرێت کە ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارە. هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هۆشداری داوە کە ناوی ئەو پەرلەمانتار و فراکسیۆنانە بۆ ڕایگشتی بڵاودەکاتەوە کە نابنە بەشێک لە تەواوکردنی هەنگاوە دەستوورییەکان. بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە، پێویستە ڕێژەی دوو لەسەر سێی ئەندامان ئامادە بن، تا ئێستاش زیاتر لە ٢٣٠ پەرلەمانتار واژۆیان بۆ بەشداریکردن کردووە.

سەرەڕای ئەوەی ١٠ ڕۆژ مۆڵەت بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان درابوو بۆ ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێکی هاوبەش، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە. یەکێتی نزار ئامێدی و پارتی فوئاد حوسێنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە و هەردوولا بە جیا دەچنە کێبڕکێی ناو هۆڵی پەرلەمانەوە.

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "پۆستی سەرۆککۆمار و بەربژێری سەرۆکوەزیران، دوو پرسی نیشتمانیی دانەبڕاون و دەبێت وەک یەک پاکێجی تەواوکار، لە چوارچێوەی سازان و دیالۆگێکی جیدی و گشتگیردا یەکلایی بکرێنەوە."
 
پارتی رەتی دەکاتەوە بەربژێری پۆستەکان بەبێ رێککەوتنی پێشوەختە بسەپێنرێن و ئاماژە بەوە دەکات کە "پەراوێزخستنی هاوبەشە سەرەکییەکان" زیان بە پڕۆسەی سیاسی دەگەیێنێت.

هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ڕایگەیاند" ئیرادەیەکی بەهێز لەلایەن فراکسیۆنەکانەوە هەیە بۆ بەشداریکردن و کۆتاییهێنان بە بۆشایی دەستووری. لە لایەکی ترەوە، زۆربەی هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی وەک هاوپەیمانیی سوودانی، حەکیم و خەزعەلی بڕیاری بەشداریکردنیان داوە. لە لایەنی سوننەشەوە، حیزبی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی حەلبووسی بەشدار دەبێت".

فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری بەشداریی دانیشتنەکە دەکەن. ئەحمەد حاجی ڕەشید، پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری ڕایگەیاند،" بۆ ئەوەی پێکهاتەی کورد وەک هۆکاری پەکخستنی پڕۆسەی سیاسی دەرنەکەوێت، ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت و جەختی کردەوە کە نابێت ڕێگری لە تەواوکردنی هەنگاوە یاساییەکان بکرێت".

ئەم هەوڵانە بۆ پێکهێنانی حکومەت لە کاتێکدایە کە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان لە ١١-١١-٢٠٢٥ ئەنجامدرا و لە کۆتایی هەمان ساڵدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردران. هاوکات لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ململانێ لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران بەردەوامە و دەوڵەتی یاسا سوورە لەسەر کاندیدکردنی نووری مالیکی.



AM:10:30:11/04/2026