ئەمڕۆ هەینی ١٧ ی نیسان نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (OFAC) ڕایگەیاند کە ناوی حەوت سەرکردەی میلیشیا عێراقییەکانی خستووەتە لیستی سزاکانەوە، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانیان لە پلاندانان، ئاراستەکردن و ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر کارمەندان، دامەزراوەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناو عێراقدا.
وەزارەتەکە دەشڵێت " ئەو کەسانەی کراونەتە ئامانج، سەرکردایەتی چەندین گرووپی چەکداری توندڕەوی سەر بە ئێران دەکەن لە عێراق، لەوانە: کەتائیبی حزبوڵڵا، کەتائیبی سەیدولشوهەدا، بزووتنەوەی نوجەبا و عەسائیبی ئەهلی حەق".
" ئەو میلیشیانە، هێرش دەکەنە سەر کارمەندانی ئەمریکی و هاووڵاتیانی مەدەنی عێراقی، هەروەها سامانی عێراق بۆ دابینکردنی بودجەی چالاکییە (تیرۆریستییەکانیان) بەفیڕۆ دەدەن و سەروەریی عێراق و پرۆسە دیموکراسییەکان تێکدەدەن.( وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا وا دەڵێت ).
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ڕایگەیاند "ڕێگە نادەین میلیشیا تیرۆریستییەکانی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هەڕەشە لە ژیانی ئەمریکییەکان یان بەرژەوەندییەکانیان بکەن. هەر کەسێک یارمەتیدەری توندوتیژیی ئەم میلیشیایانە بێت، ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە."
بەیاننامەکە ڕوونیکردەوە کە ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای فەرمانی تەنفزیی ژمارە ١٣٢٢٤ی هەموارکراوە کە تیرۆریستان و لایەنگرانیان دەکاتە ئامانج.
ئەمە تەواوکەری زنجیرەیەک ڕێکاری پێشووی وەزارەتی دارایییە دژی تۆڕی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە هەڕەشە لە عێراقییەکان و ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا دەکەن. پێشتریش کەتائیبی حزبوڵڵا، عەسائیبی ئەهلی حەق، بزووتنەوەی نوجەبا و کەتائیبی سەیدولشوهەدا وەک "تیرۆریستی جیهانیی دیاریکراو" و ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی ناسێندرابوون.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کەتائیبی حزبوڵڵا لە کاتی دامەزراندنییەوە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە بەرپرسیارێتی زۆرێک لە هێرشەکانی گرتووەتە ئەستۆ، نەک تەنها دژی ئەمریکا، بەڵکو دژی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش. ئەو گرووپە لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە بەستراوەتەوە بە ئێران و پاڵپشتی دارایی و سەربازی لێ وەردەگرێت.
سزادراوەکاندا:
• عەممار جاسم کازم ڕەماحی: فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان لە کەتائیبی حزبوڵڵا، سەرپەرشتی پلاندانان بۆ هێرشەکان و دیاریکردنی ئامانجەکان دەکات.
• ڕەزوان یوسف حەمید محەمەد و حەسەن دیاب حەمزە: دوو بەرپرسی باڵای کەتائیبن و بەشدارن لە هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنەکاندا.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە عەسائیبی ئەهلی حەق هەزاران هێرشی دژی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان ئەنجامداوە و پاڵپشتی و مەشق لە ئێران وەردەگرێت. تا ئاداری ٢٠٢٦ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیی لە هێرشەکانی باکووری عێراقدا بەکارهێناوە. لە سەرکردە سزادراوەکانیان:
• سەفا عەدنان جەبار سوەید: فەرماندەی سەربازی و بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگای سەڵاحەدین.
سەبارەت بە کەتائیبی سەیدولشوهەدا، پاڵپشتی مەشق و بودجە و چەک لە ئێران وەردەگرن، لە سەرکردە سزادراوەکانیان:
• خالید جەمیل عەبدولبەختەری
• سەعید کازم مەخمیس
هەروەها سزاکە ئەمەشی گرتەوە:
• هیشام هاشم جیسووم: ڕاهێنەری سەربازی لە بزووتنەوەی نوجەبا، کە دڵسۆزی خۆی بۆ ئێران ڕاگەیاندووە و هەڕەشەی کردووە لە ئەمریکییەکان لە عێراق و ناوچەکەدا بکاتە ئامانج.
بەپێی ئەم ڕێکارانە، سەرجەم دارایی و بەرژەوەندییە داراییەکانی ئەو کەسانەی ناویان هاتووە لە ناو ئەمریکا یان ئەوانەی لەژێر کۆنترۆڵی کەسانی ئەمریکیدان، بلۆک دەکرێن.
هەروەها مامەڵەکردنی کەسانی ئەمریکی لەگەڵیان قەدەغەیە مەگەر مۆڵەتێکی تایبەت هەبێت. سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی سزای شارستانی یان تاوانکاری دەبنەوە، هەروەها دامەزراوە داراییە بیانییەکانیش ئەگەر مامەڵە لەگەڵ ئەم کەسانە بکەن، ڕووبەڕووی سزای لاوەکی دەبنەوە.
وەزارەتی دارایی جەختی کردەوە کە ئامانج لە سزاکان تەنها سزادان نییە، بەڵکو "هێنانەکایەی گۆڕانکاری ئەرێنییە لە ڕەفتارەکاندا"، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەری لابردنی ناوەکان لە لیستی سزاکان هەیە بەپێی ڕێکارە یاساییەکان.