ئەمریکا بۆ عێراق: ئەگەر گرووپە چەکدارەکان هەڵنەوەشێننەوە، رووبەڕووی سزای تووندتر دەبنەوە

واشنتن گوشارە سیاسی و داراییەکانی خۆی بۆ سەر حکومەتی عێراق زیاتر کردووە و داوای لێدەکات بە شێوەیەکی دەستبەجێ کۆتایی بە چالاکیی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بهێنێت، هەروەها هەڵوەشاندنەوەیان بگرێتەبەر؛ ئەگەرنا، هەڕەشەی سزای توندتر دەکات.

رۆژی دووشەممە (٢٧ی نیسانی ٢٠٢٦)، ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکا بە میدیای ناوخۆییان راگەیاند کە واشنتن بڕیاریداوە گوشارەکانی بۆ سەر بەغدا توندتر بکاتەوە، لەوانەش راگرتنی رەوانەکردنی دۆلار بۆ عێراق.

بەپێی راگەیاندنی وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ فۆکس نیوز، پێویستە حکومەتی عێراق کۆتایی بەو "رووپۆشە سیاسی، دارایی و سەربازییە” بهێنێت کە بۆ میلیشیاکانی سەر بە ئێران دابین دەکرێت.

هەمان وتەبێژ ئاماژەی بەوە کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەموو رێکارێک دەگرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی چالاکییەکانی ئێران لە عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، بە تایبەتی لە بەرامبەر ئەو گرووپانەی کە بە "میلیشیا تێکدەرەکان” ناوبردراون.

هەروەها، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانییەکانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە شکستی حکومەتی عێراق لە سنووردارکردنی ئەم گرووپانە، و ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە کاریگەرییەکی نەرێنیی تووند لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا دەبێت.

لە کۆتاییدا، واشنتن دووبارە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە چاوەڕوانی هەنگاوە دەستبەجێ و کاریگەرەکان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران.



PM:11:33:27/04/2026