ڕوانگەی ئیکۆ: داخستنی گەرووی هورمز نرخی هێلکە بەرز دەکاتەوە


روانگەی ئیکۆ عێراق راگەیاندراوێکی سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی هێلکە بە هۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە بڵاوکردەوە.

شەممە، ٢ ئایار ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "داخستنی گەرووی هورمز بۆ ماوەیەکی درێژ، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی ئالیکی پەلەوەر، یەکێک لە پێکهاتەکانی ئالیک بریتییە لە سۆیا، کە نرخی یەک تۆنی لە ٥٥٠ هەزار دینارەوە بۆ ٧٠٠ هەزار دینار بەرز بووەتەوە".

"ماددەی پریمێکس کە تێکەڵەیەکە لە ڤیتامینەکان و لە پێکهاتەی ئالیکدا بەکار دێت، نرخی یەک تۆنی لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزارەوە بۆ٢  ملیۆن دینار بەرز بووەتەوە"، ئیکۆ عێراق وا دەڵێت.

روانگەکە جەخت دەکاتەوە کە بەپێی قەبارەکان، نرخی فەرمیی بۆ فرۆشتنی یەک کارتۆن هێلکەی خواردن لە نێوان ٦٠ بۆ ٦٥ هەزار دیناری عێراقیدایە، بەڵام "ئێستا لەلایەن قۆرخکاران و ئەو کەسانەی سەرپێچیی بڕیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ دەکەن، بە ٨٠ هەزار دینار دەفرۆشرێت".
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا ئیکۆ عێراق، پێشبینی دەکات کە حکومەت بڕیاری "رێگەپێدان بە هاوردەکردنی هێلکە دەربکات، بە ئامانجی ئەوەی تێچووی بەرهەمهێنان بگەڕێتەوە بۆ ئاستەکانی پێشووی".

لە ٢٨ شوباتی ئەم ساڵەوە دوای جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن ئێران و گەمارۆدانی لە ١٣ نیسان لە لایەن ئەمریکاوە دۆخی ئاڵۆزی بۆ هاتووچۆی بازرگانی دروستکردوە. 




PM:11:55:02/05/2026