وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق، سەیف بەدر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دڵنیایی دەدات بە هاوڵاتیانی عێراق کە تا ئێستا "هیچ تووشبوونێک بە ڤایرۆسی هانتا لە عێراق تۆمار نەکراوە".
شەممە، ٩ ئایار ٢٠٢٦، سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند "هەرچەندە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی هانتا لە عێراق تۆمار نەکراوە، بەڵام لە ئاستی جیهانی و هەرێمیدا بە بەردەوامی چاودێری دۆخی بڵاوبوونەوەی پەتاکە دەکرێت و وەزارەت بەردەوامە لە بەدواداچوونی پێشهاتەکان".
"هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێشوەختە و پێویست بۆ دڵنیابوونەوە و پێدانی رێنمایی زانستی بە بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوە تەندروستییەکان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی رێکارەکانی کۆنترۆڵکردن لە ئەگەری تۆمارکردنی هەر حاڵەتێک، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و خۆپارێزی" وتەبێژی تەندروستی عێراق وا دەڵێت.
سەبارەت بە شێوازی بلاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، سەیف بەدر وتی "هاتنا ڤایرۆسێکی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندەکاندا، بەڵام گوێزرانەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ پەیوەستە بە شوێن و رەنگە لە هەندێک کات و شوێندا رەنگە ببێتە هۆی تووشبوون بە پەتایەکی توند و مەترسیدار".
لە ٢ ئایار رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاگادارکردنەوەیەکی سەبارەت بە تۆمارکردنی چەند حاڵەتی هەناسەتەنگی توند لەنێو سەرنشینانی کەشتییەکی گەشتیاری پێگەیشتبوو، دواتر لە ٤ ی ئایاردا لە باشووری ئەفریقا پشکنینی تاقیگەیی پشتڕاستی کردەوە کە نەخۆشێکی تووشبووی ڤایرۆسی هانتا تۆمارکراوە، بەمەش کۆی تووشبووان گەیشتوونەتە ٧ کەس و تا ئێستا ٣ کەس گیانیان لە دەستداوە.