حیزبوڵا بوو بە ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی عێراق

‌ئەرشیف، حوسێن موئنیس- سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق


فراکسیۆنی حقوق کە باڵی سیاسی کەتیبەکانی حیزبوڵایە بڕیاری بوون بە ئۆپۆزسیۆنی دا بە هۆکاری ئەوەی لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق رازی نییە.

حوسێن موئنیس، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە بارەی بڕیارەکەیانەوە پێنج شەممە، ١٤ ئایار ٢٠٢٦، لە پەرلەمانی عێراق کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و رایگەیاند "هەڵوێستی سیاسیمان وا دەبێت کە دەبینە ئۆپۆزسیۆنێکی بونیاتنەر، بەشداربووین لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە حکومەت بۆ ئەوەی دەرفەتی هیوا بگەڕێنینەوە بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت".

"لەم حکومەتەدا بناغەی چەند عورفێکی مەترسیدار دانرا کە هەڕەشەن بۆ سەر ئایندەی پڕۆسەی سیاسی، لەپێش هەموویانەوە دەستوەردانی ئەمریکا و پشتگوێخستنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، کە وادەکات دەنگدەران لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن سارد ببنەوە" سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق وا دەڵێت.

بزووتنەوەی حقوق ٦ کورسی لە پەرلەمانی عێراق هەیە و ئەم بڕیارەشیان دوای ئەوەی دێت کە ئێوارەی پێنج شەممە، کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و دەنگ بە کابینەی نوێی حکومەت درا و ١٤ وەزیر هەڵبژێردران و بەر لە هەڵبژاردنی ٩ وەزیری دیکە بەهۆی دروستبوونی ئاڵۆزی لەسەر پۆستەکان دانیشتنی پەرلەمان کۆتایی پێهێندرا و دواخرا بۆ کاتێکی دیکە.




AM:12:15:15/05/2026