وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە فەرمی و بە شێوەیەکی کاتی، تێپەڕبوونی ئاژەڵی زیندووی لە خاکی سووریاوە بە شێوازی ترانزێت بە ناو خاکی عێراقدا بەرەو وڵاتانی کەنداو قەدەغە کرد، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی سامانی ئاژەڵی و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی گواستراوەی "تەبەق".
ئەمڕۆ هەینی (٢٢ی ئایاری ٢٠٢٦)، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی فەرمی و زانیاریی وردی چاودێریی پەتا دەرکراوە، پاش ئەوەی دڵنیاییان پێگەیشتووە کە نەخۆشیی ڤایرۆسیی تەبەق لە ناو مانگا و مەڕوماڵاتی چەند پارێزگایەکی سووریادا بڵاوبووەتەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم ڕێکارە تەندروستی و ڤێتێرنەرییە بەپەلەیە، بە توندی و بەبێ جیاکاری جێبەجێ دەکرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە دزەکردن یان گواستنەوەی پەتاکە بۆ ناوخۆی وڵات بکرێت.
نەخۆشیی "تەبەق" (Foot-and-mouth disease) نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی توندە کە تووشی ئاژەڵە سمدارەکان دەبێت و دەبێتە هۆی برینداربوونی ژێر سم و دەمی ئاژەڵەکە، بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییەکانیش، یەکێکە لە خێراترین نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان لە ڕووی بڵاوبوونەوە و گواستنەوە لە نێوان ئاژەڵاندا.
ئەم بڕیارەی عێراق لە کاتێکدایە کە بەپێی زانیارییەکانی ژووری بازرگانیی سووریا، شمشەمە لایەنە بازرگانییەکانی سووریا لەم دواییانەدا خاکی عێراقیان وەک بەدیلێک بەکاردەهێنا بۆ هەناردەکردنی ئاژەڵەکانیان بەرەو وڵاتانی کەنداو و بەتایبەتی سعوودیە، ئەمەش دوای ئەوەی وڵاتی ئوردن ڕێژەی گومرگی لەسەر تێپەڕبوونی ئاژەڵی سووری بە خاکی وڵاتەکەیدا بەرزکردبووەوە.