ڕۆژنامەی "الشرق اڵاوسگ" لە زاری سەرچاوە نزیکەکانی ناو هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپە شیعییەکانەوە ئاشکرای کردووە کە پێنج گرووپی چەکداری ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە حکومەتی عێراق، لە کاتێکدا دوو گرووپی سەرەکیی دیکە بە توندی ئەو بڕیارە ڕەت دەکەنەوە
ئەم هەنگاوە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا سەیر دەکرێت کە داوای داماڵینی چەکی ئەو گرووپانە دەکات کە لایەنگری ئێرانن، هاوکات ڕێگری لێ دەکرێت کە نوێنەرەکانیان پۆستە باڵاکانی حکومەت لە کابینەی نوێی عێراقدا وەربگرن.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکان، ئەو پێنج گرووپەی بەرەو چەکداماڵین هەنگاو دەنێن بریتین لە عەسائیب ئەهلی هەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، ڕێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری، کەتایبی سەیدولشوهەدا، کەتایبی ساروڵڵا و کەتایبی ئیمام عەلی.
لەلایەکی دیکەوە، هەریەکە لە بزووتنەوەی نوچەبا و کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق کە هەردووکیان لە لیستی سزاکان و تیرۆری ئەمریکادان بە تەواوی دانانی چەکەکانیان ڕەت دەکەنەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، عەبدولحسێن موسەوی، وەزیری پێشووی تەندروستی و ئەمینداری گشتیی پێشووی پارتی فەزیلە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا پشتڕاستی کردەوە کە بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان لەسەر دانانی چەکەکانیان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
ئەم پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی ئەم دواییەی جەنەڕاڵ دەیڤید پێترایۆس، بەڕێوەبەری پێشووی سی ئای ئەی (CIA) بۆ عێراق، کە تێیدا لەگەڵ فایق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان، وەزیری ناوخۆ و چەندین بەرپرسی دیکەی باڵای عێراق کۆبووەوە، کە پێدەچێت کێشەی چارەنووسی گرووپە چەکدارەکان تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی بووبێت.