دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کردووە کە تەنها ٢٩ پەرلەمانتاری عێراقی لە ڕێگەی پشکە فەرمییەکانی ئەو دەستەیەوە گەشتیان کردووە بۆ وڵاتی سعوودیە بەمەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج، بەڵام لە پشت ئەم ژمارە کەمە فەرمییەوە، دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی و ئیمتیازی سیاسی هەیە کە ناڕەزایەتییەکی توندی لە شەقامی عێراقیدا دروست کردووە.
سەرچاوە ئاگادارەکان پەردە لەسەر ڕاستییەکی تاڵ هەڵدەدەن و ڕایدەگەیەنن کە باڵیۆزخانەی شانشینی سعوودیە لە بەغدا، لە دەرەوەی ڕێکارە فەرمییەکانی دەستەی حەجی عێراق، نزیکەی دوو هەزار ڤیزای "تایبەت"ی پێشکەش بە کەسایەتییە باڵاکانی سیاسی، پەرلەمانتاران، بەرپرسانی حکوومی و سەرۆک عەشیرەتە کورتبرەکان کردووە.
ئەم جۆرە ڤیزایانە کە لە ناوەندە سیاسی و میدیاییەکانی عێراقدا بە «حەجی موجامەلە» یان حەجی ڕێزگرتن ناسراوە، بە کردەوە وەک بەشێک لە پرۆسەی «پەیوەندیی گشتی» و «دیپلۆماسیی بەرتیل» لێکدەدرێتەوە، کە تێیدا وڵاتانی ناوچەکە بۆ دەستەبەرکردنی دڵسۆزیی هێزە سیاسییەکان بەکاری دەهێنن.
ئەم ئیمتیازە تایبەتانە لە کاتێکدایە کە ساڵانە بە سەدان هەزار هاووڵاتیی ئاسایی و کەمدەرامەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ساڵانێکی زۆر بە دیار دەرەنجامی «تیروپشک»ـی حەجەوە چاوەڕێ دەکەن و زۆربەیان تەمەنیان بەڕێ دەکەن بێ ئەوەی ناویان دەربچێت، بەمەش بەرپرسانی سیاسی لەسەر حیسابی ماف و شایستەی خەڵکی ڕەشۆکی، پشکی حەج بۆ بەرژەوەندی و لایەنگرانی خۆیان تاڵان دەکەن.