سەرایا سەلام بە فەرمی چەکەکانی ڕادەستی سوپای عێراق دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە چوارچێوەی ستراتیژێکی گشتگیردا بۆ کۆکردنەوەی چەک لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەت و بەهێزکردنی دەسەڵاتی یاسا، ڕێوڕەسمی فەرمیی ڕادەستکردنی هێزەکانی سەرایا سەلام بە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی سامەڕا بەڕێوەچوو.

بەپێی بڕیارە نوێیەکان، سەرجەم پێوەندییەکانی ئەم هێزە لەگەڵ دەستەی حەشدی شەعبی دەپچڕێت و لەمەودوا ڕاستەوخۆ دەچنە ژێر فەرماندەیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوەدا، هەریەکە لە بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی ئیمام عەلیش پاڵپشت بە ڕێنماییەکانی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی، بە فەرمی پێکهێنانی لیژنەی تایبەتیان بۆ ڕادەستکردن و کۆکردنەوەی چەکەکانیان ڕاگەیاند تا کارمەندەکانیان لە ناو دامەزراوە سەربازییە فەرمییەکانی دەوڵەتدا سەرلەنوێ ڕێک بخرێنەوە.

لای خۆشییەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق ستایشی ئەم هەڵوێستە بەرپرسیارانەیەی سەرجەم لایەنەکانی کرد و ڕایگەیاند'' ئەم چەکدانانە هەنگاوێکی مێژوویی و ئەرێنییە بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی بەهێز و چەسپاندنی سەروەریی یاسا لە تەواوی وڵاتدا.''



AM:11:52:04/06/2026