دەستەی خانەنشینیی عێراق داوای بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ ٦٣ ساڵ دەکات

دەستەی خانەنشینیی نیشتمانیی عێراق بە فەرمی پێشنیازێکی پێشکەش بە پەرلەمان) کردووە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای تەمەنی خانەنشینی و گەڕاندنەوەی بۆ ٦٣ ساڵ، هاوکات داوای دۆزینەوەی دەرچەیەکی یاسایی دەکات بۆ کڕینی خزمەت بۆ هەندێک لە توێژەکان.

عەلا محەمەد کەریم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەکە ڕایگەیاند'' پێشتر کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ ٦٠ ساڵ، زیانێکی بەرچاوی بە سندوقی خانەنشینیی فەرمانبەرانی دەوڵەت گەیاندووە.''

ڕوونیشیکردەوە کە ئەم بڕیارە سندوقەکەی لە سێ ساڵی دیکەی بەشداریی دارایی فەرمانبەران بێبەش کردووە، لە کاتێکدا دەکرا لەو ماوەیەدا سوود لە لێهاتوویی و ئەزموونی فەرمانبەران وەربگیرێت، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی زیادبوونی ژمارەی خانەنشینانی نوێوە بارگرانییەکی زۆری دارایی بۆ سەر سندوقەکە دروست بووە.

سەرۆکی دەستەی خانەنشینی پێشنیازێکی داوەتە پەرلەمان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەکی یاسایی بۆ ئەو توێژانەی کە بەهۆی کەمبوونی چەند مانگێک لە خزمەتەکەیان، لە ئیمتیازاتەکان بێبەش بوون، وەک ئەو فەرمانبەرانەی ٢٤ ساڵ و نیو خزمەتیان هەیە و بەهۆی ئەو نیو ساڵەوە لە پاداشتی کۆتایی خزمەت بێبەش دەبن، یان ئەوانەی ١٢ ساڵ خزمەتیان هەیە و مووچەکەیان بە میرات بۆ خێزانەکانیان نامێنێتەوە.

دەستەکە ڕوونیکردەوە کە جەوهەری پێشنیازەکە بریتییە لە ڕێگەدان بەم توێژانە بۆ کڕینی خزمەتەکەیان و پێدانی بڕی لێبڕینی خانەنشینیی پێویست، بە مەبەستی دەستەبەرکردن و پاراستنی تەواوی مافە یاساییەکانیان.



PM:09:59:06/06/2026