عێراق.. لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا ٤٠ کەس بوونە قوربانی


وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند'' لە ئەنجامی ڕووداوێکی مه‌ترسیداری وەرگەڕانی پاسێکی گواستنەوەی زیارەتکاران لەسەر ڕێگەی نێوان هەردوو پارێزگای ناسریە و بەسرە، ٢١ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٩ کەسی دیکەش بریندار بوون.''

بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، کە ئه‌مڕۆ یەکشەممە (٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) بڵاوکرایەوە، وەزیری تەندروستی لە نزیكەوە و بە شێوەیەکی مەیدانی بەدواداچوونی بۆ لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە کردووە.

لەو چوارچێوەیەشدا، وەزیری تەندروستی فەرمانی بە سەرجەم فەرمانگە تەندروستییەکان، تیمەکانی فریاکەوتنی خێرا (ئەمبوڵانس) و کارمەندانی پزیشکی کردووە کە بخرێنە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوەوە بۆ پێشکەشکردنی چارەسەری بەپەلە و پێویست بە بریندارەکان.

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کە وەزیر جەختی لەسەر دابینکردنی سەرجەم پێداویستییە دەرمانییەکان کردووەتەوە و فەرمانی داوە هەماهەنگییەکی بەردەوام لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا هەبێت بۆ خێراکردنی پرۆسەی فریاگوزارییەکە.

بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی وەزارەتەکە، لە نێو قوربانیانی ڕووداوەکەدا (گیانلەدەستدان و بریندارەکان) ژمارەیەک زیارەتکاری ئێرانی بوونیان هەیە.

لە ئێستاشدا سەرجەم بریندارەکان بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری چڕ گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ناوچەکە و لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدان.



PM:07:57:07/06/2026