عێراق داخستنی ئاسمانیی وڵاتەکەی بۆ ٧٢ کاتژمێری دیکە درێژکردەوە

فەرمانگەی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی عێراق بە فەرمی ڕایگەیاند'' لەسەر بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق، ئاسمانی وڵات بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێری دیکە بە ڕووی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکاندا بە داخراوی دەمێنێتەوە.''

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە (٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) ئاراستەی هاووڵاتییان و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کراوە، هاتووە "بڕیاردراوە بەردەوامی بدرێت بە داخستنی کایەی ئاسمانیی عێراق بە ڕووی هەموو جۆرە گەشتێکی مەدەنی و شارستانیدا بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێری دیکە".

جەختیش کراوەتەوە کە ئەم ڕێکارە تەنیا لە چوارچێوەی پاراستنی سەلامەتی و ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان و گەشتیاراندایە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنی و پەیوەندیدارەکان گیراوەتە بەر.

بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکان ئاماژەی بەوەش داوە کە دوای کۆتاییهاتنی ئەم ماوە دیاریکراوە، جارێکی دیکە هەڵسەنگاندنی ورد بۆ بارودۆخەکە دەکرێتەوە و لەسەر بنەمای پێدراوە تەکنیکی و ئەمنییەکان، بڕیاری گونجاو لەسەر دەستپێکردنەوەی گەشتەکان یان دووبارە درێژکردنەوەی ماوەی داخستنەکە دەدرێت. لە کۆتاییدا داوا لە گەشتیاران کراوە کە لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە چاودێریی دوایین گۆڕانکارییەکان بکەن.

ئەم بڕیارەی عێراق دوای پەرەسەندنی خێرای ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دێت، و هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوەشدا، حکوومەتی سووریاش ڕایگەیاند کە ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ ماوەی ١٢ کاتژمێر بە ڕووی گەشتەکاندا داخستووە.



PM:11:48:07/06/2026