خالید عەبدولواحید کوبیان، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، محەمەد شیاع سودانی لە لایەن دادگای کەرخ بۆ ماوەی یەک ساڵ بە تۆمەتی "زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی گشتی" سزا درا.
پێنج شەممە، ١١ حوزەیرانی ٢٠٢٦، دادگای تاوانەکانی کەرخ لە بەغداد رایگەیاند "ڕاوێژکارێکی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقی بە یەک ساڵ بەندکردن سزاداوە".
دادگا لە ناوەڕۆکی بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو ڕاوێژکارەی سوودانی ناوی خالید عەبدولواحید کوبیانە، بەگوێرەی ماددەی ٣٤٠ لە یاسای سزادان و بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی ئەو شوێنەی کاری تێدا کردووە، بە بەندکردن بۆ ماوەی یەک ساڵ سزادراوە.
لە بڕیارەکەی دادگای کەرخدا ئاماژە بەوەشکراوە کە "بەهۆی تەمەن و ڕەوشتی تاوانبارەوە، ئەو باوەڕەیان لادروست بووە کە جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە بۆ تاوانێکی ئەنقەستی نوێ، بۆیە بڕیاریان داوە بە ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزاکە بۆ ماوەی ٣ ساڵ".
لە کۆتاییی بڕیارەکەدا دادگای تاوانەکانی کەرخ باسی لەوەشکردوە "مافی داوە بە سکاڵاکاری دۆسیەکە، سەردانی دادگا شارستانییەکان بکات بۆ داواکردنی قەرەبوو".