وەزارەتی دارایی عێراق، لە گشتاندنێکی زۆر بەپەلەدا بڕیاریدا، ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ دەوامی فەرمی بێت و پێویستە سەرجەم فەرمانبەران بەپێی کاتی دیاریکراو پابەندی ئامادەبوون بن لە شوێنی کارەکانیان.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ لە سەرانسەری عێراقدا بەبۆنەی سەری ساڵی کۆچییەوە پشووی فەرمی ڕاگەیاندرابوو.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتەکە کە لە ڕۆژی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بە ژمارە ٩٧١١ دەرچووە و واژۆی سادق هوەیدی عەباس، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لەسەرە، ئاڕاستەی گشت فەرمانگە، بەشەکان و نووسینگەی وەزیر کراوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە کە بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی وەزیری دارایی ئەم بڕیارە دراوە، و داوا لە سەرجەم فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان کراوە کە بەپەلە کارمەندەکانیان ئاگادار بکەنەوە تاوەکو بەپێی کاتی فەرمیی دیاریکراو، پابەندی دەوام بن لە شوێنی کارەکانیان.