سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە گۆڕانکاریکردن لە دەوامی سبەینێی فەرمانبەران لە فەرمانگە حکومیەکان "کاتژمێر ١٠:٠٠" دەوام دەست پێدەکات
سێ شەممە، ١٦ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "بۆ پشتگیریکردن لە هەڵبژاردەی نیشتمانی لە مۆندیال و بە راسپاردەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیاردرا بە دەستکاریکردنی کاتی دەوامی فەرمی بۆ رۆژی چوار شەممە، ١٧ حوزەیران ٢٠٢٦، بە جۆرێک دەوام لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی دەستپێدەکات".
"ئەم رێکارە بۆ ئەوەیە دەرفەتی تەواو بدرێتە فەرمانبەران تاوەکو بینەری یاریی هەڵبژاردەی نیشتمانی بن لە چوارچێوەی رکابەرییەکانی جامی جیهانی و پشتگیری لە شێرەکانی رافیدەین بکەن لەم رووداوە وەرزشییە جیهانییە گەورەیەدا"، لە راگەیاندراوەکەدا وا دەڵێت.
یاری هەڵبژاردەی عێراق کاتژمێر ١:٠٠ بەرەبەیانی چوار شەممە بە کاتی هەولێر، لە یاریگای جێلیت لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی نۆیەم لەگەڵ هەڵبژاردەکانی نەرویج، فەرەنسا و سەنیگال یاری دەکات.
دەستپێکردنی دەوامی فەرمیی فەرمانبەرانی عێراق، لە رۆژانی ئاسایی کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی بەیانییان دەستپێدەکات.