میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە'' عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەردەوامە لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە پۆستە باڵا حکومییەکاندا، و لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاری گۆڕانکاری لە پۆستەکانی پارێزگاری بانکی ناوەندی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، و سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق داوە.''
بەپێی سەرچاوەیەکی باڵا لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیارەکان پێنجشەممە دەرچوون و لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە بە فەرمی جێبەجێ دەکرێن و بەرپرسە نوێیەکان پۆستەکانیان وەردەگرن.
لە پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیدا، قاسم عەبوودی لە شوێنی قاسم ئەعرەجی دەستبەکار دەبێت، کە عەبوودی پێشتر چەندین پۆستی باڵای هەبووە، لەوانە گوتەبێژ و بەڕێوەبەری یاسایی لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، و ئەندامی باڵای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بووە.
سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندی، نزار ناسر لە شوێنی عەلی عەللاق دیاریکراوە، کە ناسر پێشتر وەک سەرۆکی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی تیرۆر لە ناو هۆبەکانی بانکی ناوەندیی عێراقدا کاری کردووە.
هاوکات هەر بە فەرمانی سەرۆک وەزیران، باسم بەدری لە شوێنی عەبدولکەریم بەسری، ئەرکی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی پێسپێردراوە.