ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە ئاشکرای کردووە کە سوپای پاسدارانی ئێران ستراتیژییەکی نوێی لە عێراق گرتووەتەبەر، کە خۆی لە پێکهێنانی شانەی بچووکی نهێنیدا دەبینێتەوە و لە دەرەوەی پێکهاتەی باوی گرووپە چەکدارەکان کار دەکەن.
ئەم گۆڕانکارییەش وەک هەوڵێکە بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی هەژموونی تاران دوای ئەو گورزانەی بەر بەرەی مقاوەمە کەوتوون.
سەبارەت بە شێوازی کارکردنیان، هەر یەکێک لەم شانە نهێنییانە لە نزیکەی ١٠ شەڕکەر پێکدێن، کە لە مانگەکانی ڕابردوودا چەندین هێرشی درۆنیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا.
بۆ یەکەمجار، سوپای پاسداران تۆڕە چەکدارییە کلاسیکییەکانی پشتگوێ خستووە و ڕاستەوخۆ پشت بەم کۆمەڵە بچووکە ئایدۆلۆژییانە دەبەستێت کە بەهۆی کەمبوونی ژمارەی ئەندامەکانیانەوە، چاودێریکردن یان دزەکردنە نێویان لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە زۆر قورسە.
ئەم دۆخە نوێیە لە کاتێکدایە کە گرووپە چەکدارە گەورەکان و میلیشیا کۆنەکان ڕووبەڕووی گوشاری توندی ئەمریکا و کەمبوونەوەی سەرچاوە دارایی و سەربازییەکان بوونەتەوە، هاوکات لەگەڵ ئامادەیی هەندێک لەو گرووپانە بۆ ڕادەستکردنی چەک و چوونە ناو کایەی سیاسییەوە.
زانیارییەکانی ڕۆیتەرز دەیسەلمێنن کە ئێران بە نیاز نییە لە عێراق بکشێتەوە، بەڵکو دەیەوێت شێوازی دەستێوەردانەکەی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا بگونجێنێت و لە ڕێگەی ئەم شانە نهێنییانەوە توانای هێرشبەریی خۆی بپارێزێت بەبێ ئەوەی سەرنجی زۆر ڕابکێشێت