سەرۆک وەزیرانی عێراق برێاردەدات پێویستە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا سەرۆک و سەرجەم کارمەند و ئەفسەرانی سنوورەکان بەبێ جیاوازی ئاڵوگۆڕیان پێبکرێت، لەگەڵ داخستنی سەرجەم ڕێڕەوە نایاساییەکان.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی و نهێنی کە لە میدیاکانی عێراقدا بڵاوکراوەتەوە، عەلی زەیدی کۆمەڵێک رێنمایی و فەرمانی توندی سەبارەت بە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان دەرکردووە. لە گرنگترین خاڵەکانی فەرمانەکەدا هاتووە، کە دەبێت لە ماوەی تەنها ٤٨ کاتژمێردا، سەرجەم کارمەندان، ئەفسەران و فەرمانبەرانی سەر بە دەستەی دەروازە سنوورییەکان بەبێ هیچ جیاوازییەک بگوازرێنەوە و بگەڕێنەوە بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی خۆیان لە وەزارەتی ناوخۆ، پێویستیشە دەستەی دەروازەکان جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە دەستبەجێ پشتڕاست بکاتەوە.
هاوکات، فەرماندەیی هێزەکانی سنوور لە وەزارەتی ناوخۆ راسپێردراوە بە داخستنی تەواوی ئەو کەلێن و رێڕەوە سنوورییە شاراوانەی (چ وشکانی یان دەریایی) کە بۆ کاری قاچاخ یان بەزاندنی سنوور بەکاردێن.
ئەمە جگە لەوەی فەرمانەکە گۆڕانکاریی بەرفراوان لە هێزەکانی پاراستنی سنووردا دەکات و سەرجەم فەرماندەی لیوا و یەکەکانی ناو فەرماندەییەکە ئاڵوگۆڕیان پێدەکرێت.
لە کۆتایی بڕیارەکەدا، جەخت لەسەر توندکردنەوەی چاودێریی بازرگانی کراوەتەوە؛ بەپێی رێنماییەکان پێویستە کارمەندانی دەستەی گومرگ پشکنینی ١٠٠٪ و ورد بۆ سەرجەم ئەو کاڵا و شتومەکانە بکەن کە دێنە ناو خاکی عێراقەوە، و توندی قەدەغەیە رێگە بە تێپەڕبوونی هیچ بارهەڵگرێک بدرێت بەبێ ئەوەی بارەکەی بەتەواوی بپشکنرێت و وردەکارییەکەی پشتڕاست بکرێتەوە.