درۆنێکی ئێرانی لە نزیک ماڵی محەمەد حەلبووسی لە ئەنبار کەوتەخوارەوە

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە'' فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە جۆری "شاهید ١٠١" لە شارەدێی گەرمەی سەر بە پارێزگای ئەنبار و لە نزیک ماڵی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم کەوتووەتەخوارەوە.''

بەهۆی ڕووداوەکەوە ئاگر لە سنووری ماڵومولکی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کەوتووەتەوە، بەڵام لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە بێ زیانی گیانی کۆنتڕۆڵکراوە.

سەبارەت بە وردەکاریی ڕووداوەکە، سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاندووە'' بەشێکی درۆنەکە لە نێو ماڵوموڵکی هەیبەت حەلبووسیدا کەوتووەتەخوارەوە، و تا ئێستاش لایەنە ئەمنییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمییان نەداوە کە ئایا درۆنەکە خۆی کەوتووەتەخوارەوە یان خراوەتەخوارەوە.''

شارەدێی گەرمە وەک پێگەی سەرەکی و بنکەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی محەمەد حەلبووسی و هەیبەت حەلبووسی هەژمار دەکرێت.

درۆنی شاهید ١٠١ کە لەم ڕووداوەدا کەوتووەتەخوارەوە، بەوە دەناسرێتەوە کە قەبارەیەکی بچووک و بزوێنەرێکی بێدەنگی هەیە. ئەم جۆرە درۆنە زۆرجار لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەوە بۆ هێرشی درێژمەودا و ورد بەکاردێت، و بەهۆی نزمیی فڕینەکەشیەوە ئاشکراکردنی لەلایەن ڕادارەکانەوە زۆر قورسە.



PM:09:56:20/06/2026