بانکی ناوەندی: هیچ نیازێک بۆ گۆڕینی بەهای دینار نییە

بانکی ناوەندیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە ئەگەری گۆڕینی بەهای دینار دەکەن و ڕایگەیاند'' هیچ نیازێکیان بۆ گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو نییە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێوەرە دراوی و داراییە سەقامگیرانەی کە لە ئێستادا ئابووری عێراقی لێی بەهرەمەندە.''

هاوكات، بانکی ناوەندی تەواوبوونی ڕێکار و مەرجەکانی یەکخستنەوەی چەند بانکێکی ڕاگەیاند، کە پێشتر لە کارەکانی گواستنەوەی دراوی بیانیدا، مامەڵەکردنیان بە دۆلاری ئەمریکی لێ قەدەغە و کۆتوبەند کرابوو.

بانکەکە جەختی لەوەش کردەوە کە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازیی گشتگیری خۆی بە ئامانجی پتەوکردنی سەقامگیریی نەختینەیی و دارایی، پەرەپێدانی کەرتی بانکی، و زیادکردنی تێکەڵبوونی بە سیستەمی دارایی جیهانییەوە.

ئاماژەی بەوەش دا کە ئیدارەدانی ئەم دۆسییەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکاندا دەبێت، لە کاتێکدا بانکەکە پابەندە بە پاراستنی سەقامگیریی نرخی ئاڵوگۆڕ و دابینکردنی داواکاریی یاسایی بۆ دۆلاری ئەمریکی بەپێی ڕێسا و ستانداردەکان.

لە کۆتاییدا، بانکی ناوەندی پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بە دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی دراوی بیانی بۆ هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت لە چوارچێوەی یاسایی و ڕێکخراوەیی دامەزراودا.



PM:10:37:22/06/2026