"مەترسیدارترین تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەستگیرکرا"

‌دوای دەستگیرکردنی ئەبو شێخە و هاوڕێکەی

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادەی هۆشبەر و کاریگەرییە عەقڵییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، عەقید عەباس بەهادلی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەستگیرکردنی "تۆمەتبارێکی مەترسیداری مادەی هۆشبەر"یان لە عێراق راگەیاند.

سێ شەممە، ٢٣ حوزەیران ٢٠٢٦، عەقید عەباس رایگەیاند " هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مادەی هۆشبەری پارێزگای میسان ، تۆمەتبارێکی مەترسیداریان دەستگیرکرد کە ناسراوە بە ئەبو شەیخە کە بە داڕێژەری سەرەکیی پلانەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن و دابەشکردنی مادەی هۆشبەر لەنێوان چەندین پارێزگای عێراق دادەنرێت".

"ئەبو شەیخە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە بەهۆی زیاتر لە ١٥  کەیسی پەیوەندیدار بە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر داواکراو بووە، براکانی ئەم تۆمەتبارە، پێشتر بەهۆی تێوەگلان لە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون و سزادراون"، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان وا دەڵێت.

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، تاوەکو سەرەتای مانگی پێنجی ئەم ساڵ ٣٧  کەس پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر لە عێراق سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و ١٧٣  کەسیش بە تاهەتایی سزادراون، ٢ هەزار و ٢٨٨ کەسەکەی دیکەش سزای جیاوازی زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە. 




PM:08:40:23/06/2026