میدیای فەرمی عێراق ناوی بەشێک لە دەستگیرکراوەکان بڵاو دەکاتەوە


میدیای فەرمی عێراق دەستگیرکردەنی ٤٧ بەرپرس پشتڕاست دەکاتەوە کە بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون و دەستەی دەستپاکی عیراقیش لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت "دەستمان بە رێکارە توندەکان کردووە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی دەستیان بۆ سامانی گشتی بردووە".

یەک شەممە، ٢٨ حوزەیران ٢٠٢٦، ژمارەیەک سەرچاوەی باڵا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییان راگەیاندوە کە  "٤٧ تۆمەتبار لە پەرلەمانتاران و بەرپرسان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون".

ناو و پۆستی بەشێک لە  دەستگیرکراوەکان:

-موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم.
- زیاد جەنابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق. 
- بەها نووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
- محەممەد کەربوولی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق. 
- عالیە نوسەیف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق. 
- محەممەد جەمیل میاحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق. 
- حەسەن خەفاجی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق. 
- عەبدولڕەحمان لوێزی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق. 
- موزەڕ کەروی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق. 
- هیند عەباسی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق. 
- محەممەد فەرمان جبووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق. 
- بوشرا قەیسی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق. 
- محەممەد سەیهوود، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق. 
- عەلی مەعاریج، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن.
- ئیبراهیم سومەیدەعی.

سەبارەت بە ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنەکان دەستەی دەست پاکی عێراق رایگەیاند "ئەم دەستکەوتە بەرهەمی هەوڵی هاوبەش و تەواوکاریی نێوان هەر سێ دەسەڵاتی دادوەری، جێبەجێکردن و یاسادانانە لەگەڵ هەوڵەکانی دەستەی دەستپاکی، ئەم هەماهەنگییە راستەوخۆ بووەتە هۆی جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانە دوای زنجیرەیەک پرۆسەی چاودێریکردن و وردبینیی بەردەوامی ئەو لایەنانە".

"رێکارەکانمان بە وردی و لە چوارچێوەی حوکمەکانی یاسادا ئەنجام دەدرێن، هێز و ئیرادەی خۆمان لە پشتیوانیی رەهای خەڵک و سەروەریی یاسا وەردەگرین، لەگەڵ پاڵپشتیی بێسنوور و بەردەوامی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان"، لە راگەیاندراوەکەی دەستەی دەسپاکیدا واهاتووە.

دەستەکە پابەندبوونی تەواوی خۆی بۆ ئاگادارکردنەوەی رای گشتی لە وردەکاریی کار و رێکارەکانی بە شەفافیەت دووپات کردەوە، بەپێی ئەوەی یاسا و رێنماییە بەرکارەکان رێگای پێ دەدەن.

بەیانی ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٨ی حوزەیران، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پارێزگاکانی بەغدا، سەڵاحەدین، ئەنبار، نەینەوا و چەند ناوچەیەکی دیکە، کۆمەڵێک ئۆپەراسیۆنی ئەمنییان بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵا بە تۆمەتی گەندەڵی ئەنجام دا. 






PM:04:27:28/06/2026