هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە شاری بەغدا پێشوازی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، کە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨-٠٦-٢٠٢٦ بە سەردانێکی فەرمی و بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا گەیشتە پایتەختی عێراق.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمان بڵاویکردەوە'' لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کراون، بەتایبەت ڕێککەوتنی ئەمدواییەی نێوان ئێران و ئەمریکا کە بووە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگ.''
هەیبەت حەلبووسی جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کردەوە لە پشتیوانیکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چەسپاندنی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانەی قەیرانەکان بە ئامانجی بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
لەلایەن خۆیەوە، عەباس عێراقچی پەرۆشیی تارانی بۆ کارکردن لە پێناو بەهێزکردنی هاوکارییە دووقۆڵییەکان لەسەر ئەو پرسانەی کە جێی بایەخی هاوبەشن نیشان دا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، یەکێک لە تەوەرە سەرەکی و گرنگەکانی کارنامەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا، تاوتوێکردن و ئەنجامدانی ئامادەکارییە بۆ بەڕێوەچوونی مەراسیمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە مەزارگە و شوێنە پیرۆزەکانی ناو خاکی عێراق.