هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و نەسر: پێویستە هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران بەبێ جیاکاری بەردەوام بێت

دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، دەزگای دژەتیرۆر و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، هەڵمەتێکی فراوانیان ئەنجامدا و تێیدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتاریان بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دەستگیرکرد، سەرکردە و هاوپەیمانێتییە سیاسییە گەورەکانی عێراق پشتگیریی توندی خۆیان بۆ ئەم هەنگاوە ڕاگەیاند.

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە پەیامێکی فەرمیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و دەزگای دادوەری کرد بۆ دەستپێکردنی ئەم هەڵمەتە دژ بەو کەسانەی یارییان بە سامانی گشتییەوە کردووە.

جەختیشی کردەوە کە هاوپەیمانییەکەی پشتیوانی تەواوی ئەم لێپرسینەوەیە دەکات و داوای کرد لەم ئەرکە مێژووییەدا کە گەل مێژوویەکی درێژە چاوەڕوانی دەکات، سڵ نەکەنەوە و تا کۆتایی بەردەوام بن.

لەم چوارچێوەیەدا، عوسمان شەیبانی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی بووەتە هۆی پەکخستنی پڕۆژە ستراتیژییەکان و بێبەشکردنی هاووڵاتییان لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، بۆیە پێویستە ئەم لێپرسینەوەیە بەبێ هیچ جیاکاری و فشارێکی سیاسی بەردەوام بێت تا هەموو پارە دزراوەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێنرێنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، پشتیوانیی توندی خۆی بۆ ڕێکارەکانی دەوڵەت لە ڕاوەدوونانی گەندەڵکاران دەربڕی و ڕایگەیاند کە پێویستە ئەم پرۆسەیە لەژێر کاریگەریی هاوسەنگییە سیاسییەکان و بەرژەوەندییە تەسکەکاندا نەبێت و یاسا بەسەر هەموواندا وەک یەک جێبەجێ بکرێت.

عەبادی جەختی کردەوە کە دەبێت ئەم هەنگاوانە ببنە بەشێک لە پڕۆژەیەکی چاکسازیی پێکهاتەیی لە سیستمی سیاسیدا بۆ کۆتاییهێنان بە پشێوی و پشکپشکێنە، و داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد پاڵپشتی لەم ئەمانەتە نیشتمانی و ئەخلاقییە بکەن.



PM:08:16:28/06/2026