''زۆربەی ئەوانەی لە عێراق دەستگیرکران، پێشتر لەسەر شاشەکان خۆیان وەک فریشتە نیشان دەدا''

محەمەد حەکیم، وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لە پەیامێکدا لەژێر ناونیشانی "وانەیەک بۆ دەنگدەران"، کاردانەوەی خۆی بەرامبەر بە هەڵمەتی دەستگیرکردنی بەرپرس و پەرلەمانتارەکانی ئەم دواییەی عێراق نیشاندا و ڕایگەیاند کە ئەو دیمەنانە پەیامێکی ڕوونن بۆ ئەوەی گەل بزانێت چۆن چەواشە کراوە.

وتەبێژەکەی کۆمەڵ ئاماژەی بەوە کردووە، زۆربەی ئەو دەستگیرکراوانە پەرلەمانتار بوون کە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە بە قسەی باقوبریق و دروشمی بریقەدار باسی گەندەڵی دەسەڵاتیان دەکرد و خۆیان وەک داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانی خەڵک و پێکهاتەکانی سوننە و شیعە نمایش دەکرد، کەچی لە ڕاستیدا تەنها خەریکی هەڵخەڵەتاندنی میللەت بوون بۆ بەرژەوەندیی خۆیان. جەختیشی کردەوە کە خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت بزانن؛ ئەگەر دەسەڵات خوێنیان بمژێت، ئەوا زۆرێک لەوانەی دەرەوەی دەسەڵاتیش یاری بە عەقڵیان دەکەن.

محەمەد حەکیم لە چوارچێوەی پەیامەکەیدا سێ ڕاستی تری لەبارەی ئەم هەڵمەتەوە خستووەتەڕوو:

یەکەم: ئەگەر ئەمڕۆش نەبێت، سبەی هەر دەبێت گەندەڵکارانی کوردستانیش ڕووبەڕووی یاسا ببنەوە و بە سزای خۆیان بگەن.

دووەم: مەرج نییە ئەو لایەنانەی کە فەرمانی دەستگیرکردنەکان دەردەکەن، خۆیان لە گەندەڵی پاک و بێگەرد بن.

سێیەم: ئەم هەڵمەتانە تەنها ماسییە بچووکەکان دەگرن و بە هیچ شێوەیەک دەست بۆ دزە گەورەکان و سەرکردە سەرەکییەکانی پشت پەردە نابەن.




PM:09:28:28/06/2026