''شەڕی دژ بە گەندەڵی بووەتە کارنامەیەکی دەوڵەت و هیچ کەسێک لێی بەدەر نییە''

 ڕاوێژکاری ئاسایشی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیامێکدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی (X) بڵاویکردەوە، جەختی لە بەردەوامیی هەنگاوە جیددییەکانی حکومەت کردەوە بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و پاراستنی سامانی گشتی.

قاسم ئەعرەجی ڕایگەیاند'' ئەو ڕێکارە حکومی و دادوەرییانەی لەم قۆناغەی ئێستادا دەگیرێنەبەر، بەڵگەی تێپەڕاندنی قۆناغی دروشمن و نیشانیدەدەن کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بووەتە کارنامەیەکی فەرمیی دەوڵەت، بە شێوازێک کە هیچ کەسێک و بەرپرسێک لە یاسا بەدەر نییە.''

ڕاوێژکاری ئاسایشی سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کەسێک تێوەگلانی لە گەندەڵی بەسەردا بسەلمێت، بەپێی یاسا ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و لەو پرۆسەیەشدا هیچ جۆرە فشارێکی سیاسی یان لایەنگیرییەک ڕەچاو ناکرێت.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا جەختی کردەوە کە دەوڵەت لە ڕاوەدوونانی تاڵانکارانی سامانی گشتی پاشەکشە ناکات، تا ئەو کاتەی یاسا ڕێڕەوی تەواوی خۆی وەردەگرێت و مافەکانی گەلی عێراق بە تەواوی دەپارێزرێن.



PM:10:42:28/06/2026