نوسینگه‌ی ته‌یف سامی لەسەر دەستگیرکردنەکەی رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

نوسینگەی تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی، رۆژی دووشەممە ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە هەڵاتنی بۆ دەرەوەی عێراق یان دەستگیرکردنی دەکەن، و جەختی کردەوە کە ئەو زانیارییانە پشت بە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی نابەستن، هەروەها رایگەیاند کە بەنیازە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگرێتە بەر کە ئەو هەواڵانە بڵاودەکەنەوە.

نووسینگەکە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، بە شێوەیەکی "یەکلاکەرەوە" ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە لە هەندێک دەزگای راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە هەڵاتنی تەیف سامی بۆ دەرەوەی عێراق یان دەستگیرکردنی لە چوارچێوەی ئەوەی وەک "هەڵمەتی دژە گەندەڵی" ناوزەد کراوە، و جەختی کردەوە کە ئەم زانیارییانە "هیچ بنەمایەکی راستییان نییە و پشت بە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی باوەڕپێکراو نابەستن".

هەروەها هاتووە کە نوسینگەکە سەرکۆنەی بڵاوکردنەوەی هەواڵە نادروستەکان و ئەو پڕوپاگەندانە دەکات کە دەبنە هۆی چەواشەکردنی رای گشتی، و داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن، شرۆڤەکاران و چالاکوانان دەکات کە وردبن و پیشەییانە مامەڵە بکەن، و پێش بڵاوکردنەوە یان تانودانی هەر زانیارییەک، پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.




PM:12:18:29/06/2026