وتەبێژی حکومەتی عێراق، حەیدەر عەبوودی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا زانیاری سەبارەت بە چارەنووسی ئەو پارانەی بردراونەتە دەرەوەی عێراق ئاشکرا کرد، هەروەها پلانی داهاتووی حکومەت بۆ رووبەڕووبونەوەی گەندەڵکاران.
دوو شەممە، ٢٩ حوزەیران ٢٠٢٦، وتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند "حکومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەرکە دەستوورییەکانی بۆ پاراستنی سامانی گشتی و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانیان، سەرۆک وەزیرانی عێراق رێنمایی داوەتە وەزارەتی دارایی بۆ دروستکردنی هەژمارێکی تایبەت بە مەبەستی دانانی ئەو پارانەی لە تێوەگلاوانی کەیسی دەوڵەمەندبوونی نایاسایی و گەندەڵی دەگەڕێندرێنەوە".
لە بارەی هەڵمەتەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، وتەبێژی حکومەت جەختی لەوە کردەوە "هەڵمەتی بەرەبەیان ناوەستێت، لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا تاوەکو ئێستا ٢١ تۆمەتبار دەستگیرکراون و بەدواداچوونیش بۆ کەسانی دیکە بەردەوامە".
"دانپێدانانی تۆمەتبارەکان سەرەداوی نوێی ئاشکرا کردووە دەیانگەیەنێت بە تۆڕەکانی دیکەی گەندەڵی، چ لەسەر ئاستی کەسایەتییەکان و چ لەسەر ئاستی پارەکە"، حەیدەر عەبوودی وا دەڵێت.
وتەبێژی حکومەتی عێراق وتیشی "دیدگای ئێستای حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هاوشێوەی قۆناغەکانی پێشوو نییە، چونکە پاراستنی سامانی گشتی بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە و ناکەوێتە ژێر کاریگەریی کەسەکان یان بارودۆخەکانەوە، بەڵکوو حکومەت ستراتیژییەکی گشتگیر بۆ چاکسازیی دامەزراوەیی و ئیدارەدانی قەیرانەکان پەیڕەو دەکات".
یەک شەممە، ٢٨ حوزەیران ٢٠٢٦، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پارێزگاکانی بەغدا، سەڵاحەدین، ئەنبار، نەینەوا و چەند ناوچەیەکی دیکە، کۆمەڵێک ئۆپەراسیۆنی ئەمنییان بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵا بە تۆمەتی گەندەڵی ئەنجام دا.