عێراق.. لەسەر سپیکردنەوەی پارە، بەڕێوەبەری پێشووی باج و هاوسەرەکەی سزادران

دەستەی دەستپاکی عێراق پەردەی لەسەر یەکێک لە گەورەترین دۆسیەکانی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە لادا، کە تێیدا دادگا سزای توندی زیندانییکردنی بۆ بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی گشتیی باج و هاوسەرەکەی دەرکرد، ئەمەش دوای ئاشکرابوونی سامانە خەیاڵییەکەیان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی دەستەی دەستپاکی، دادگا تاوانی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆری بەسەر (ئوسامە حوسام جەودەت)، بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی گشتیی باج و هاوژینەکەیدا بەناوی (تەمارا سەباح) ساغکردووەتەوە، کە وەک دوو فەرمانبەری دەوڵەت خاوەنی دەیان کۆشک و خانوو بوون.

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان و یەکلاکردنەوەی دۆسیەکەدا، دەست بەسەر ٢٢ خانووی شاهانە و کۆشکی ئەو دوو هاوسەرەدا گیراوە، کە ١٠ دانەیان لە گەڕەکە گرانبەهاکانی بەغدای پایتەختن و ١٢ خانووی دیکەشیان لە وڵاتی تورکیا بەناوی (تەمارا)ی هاوژینییەوە تۆمارکرابوون.

هەر لەم دۆسیەیەدا، دەستی گرتووە بەسەر بڕێکی ئێجگار زۆر لە زێڕ و پارەی کاش، هاوکات دەرکەوتووە کە ئەو دوو تۆمەتبارە سەرمایەیەکی گەورەیان لە بانکەکانی وڵاتی تورکیا و کوێت حەشارداوە و سەرجەمیان لە لایەن حکومەتەوە بلۆککراون.

دادگا لە پای ئەو تاوانانە، بڕیاریدا بە سزادانی بەڕێوەبەرەکەی پێشووی باج بە ١٠ ساڵ زیندانی، و هاوژینەکەشی بە ٥ ساڵ و یەک مانگ زیندانییکردن، جیا لەوەی هەردووکیان بە بڕی ٣٢ ملیۆن دینار سزای پێبژاردنی دارایی (غەرامە) کراون.




PM:08:59:29/06/2026