ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ١٩ ملیار دینار لە دۆسیەیەکی گەندەڵیی دارایی پەیوەست بە کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراق.
سێ شەممە، ٣٠ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "دادگەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکیی کەرخی بەغدا، بڕی ١٩ ملیار دیناری عێراقی بۆ گەنجینەی دەوڵەت گەڕاندەوە".
"گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە دۆسیەیەکی گەندەڵیی دارایی بوو کە بریتی بوو لە دەستکاریکردنی لیست و پسووڵەکانی سپاردنی پارەکە کە تایبەت بوو بە کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراق"، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق وا دەڵێت.
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقی، کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە، هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە ٤٠ وڵات هەیە.