ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لە پەیامێکدا داوای لە لایەنگرانی کرد کە لە ڕێگەی ئەنجامدانی گردبوونەوەی ئاشتییانەوە، پشتیوانی لەو هەڵمەتی چاکسازی و دژە گەندەڵییە بکەن کە لەلایەن عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دەستی پێکراوە.
موقتەدا سەدر لە وتاری نوێژی هەینیدا لە بەغدا، کە لەلایەن شێخ حسێن مەحمەداوی خوێندرایەوە، ڕایگەیاند" ئێمە هەمیشە داوای چاکسازیمان کردووە و ئێستاش هەرواین با لەسەر ڕێگای خۆمان بەردەوام بین بۆ پشتیوانیکردنی هەڵمەتە نوێیەکەی چاکسازی کە ڕووناکییەکەی لەناو جەرگەی عێراقی ئازیزماندا دەستی بە درەوشانەوە کردووە."
ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە داوای لە لایەنگرانی کرد ئامادەبن بۆ گردبوونەوەیەکی ئاشتییانە و وتی'' ئامادەبن بۆ پشتیوانی لە برامان عەلی زەیدی، سەربازی چاکسازی، بۆ ئەوەی ورەی ئەو بەهێز بکەین و ورەی ئەو گەندەڵکارانە دابەزێنین کە هەوڵ دەدەن گوشاری بخەنە سەر و پەشیمانی بکەنەوە لەو هەڵکوتانە سەرە ئازایانە و بەرهەمدارانەی کە زۆر کەسی لە ناوخۆ و دەرەوەدا تۆقاندووە."
سەدر لە کۆتایی وتارەکەیدا سوپاسی دەسەڵاتی دادوەری، سەرۆکی پەرلەمان و هێزە ئەمنییەکانی کرد بۆ هاوکاریکردنی زەیدی، و ڕاشیگەیاند'' گەندەڵکاران بە تەواوی بەرپرسیار دەکەم لە پاراستنی ژیانی چاکسازیخوازان، سەربازی چاکسازی و سەرجەم داواکارانی چاکسازی کە مەبەستیانە شکۆ بۆ نیشتمان، ئایین و مەزهەب بگێڕنەوە."