وەزیری گەیاندنی عێراق، مستەفا سەنەد لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک زانیاری خستۆتە روو، دوو داواکراو لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی عێراق کە تێوەگلاون لە دۆسیەکانی گەندەڵی دارایی بۆ وڵاتی فەرەنسا هەڵاتوون.
یەک شەممە، ٥ تەمووز ٢٠٢٦، مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق نوسیویەتی "بەرپرسی لیژنەی ئابووریی سەر بە بریکارە دەستبەسەرکراوەکە لەگەڵ براکەیدا بەرەو فەرەنسا هەڵاتوون، ئەو دوو تۆمەتبارە بە نیو ملیار دۆلارەوە هەڵهاتوون".
هەر سەبارەت بەهەمان بابەت کەناڵی ئەلعەرەبیە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ناسنامەی ئەو دوو برایەی ئاشکرا کردووە و وتویەتی کە "دادگای عێراق بە فەرمی نووسراوی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل)ی بۆ ئەو دوو برایە دەرکردووە کە ناویان حەسەن و مەحموودە، بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی پاڵاوگەکان".
بەپێی زانیارییەکان ئەم دوو برایە لە کاتی دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی لە دەرەوەی عێراق بوون، حەسەن وەک یەکێک لە داواکراوە هەرە گرنگەکان دادەنرێت، بەوپێیەی بەرپرسی راستەوخۆی بەڕێوەبردنی دۆسیەی گرێبەستەکانی پاڵاوگەکان بووە و توانیویەتی لە رێگەی تۆڕێکی دارایی ئاڵۆزەوە لە دەرەوەی وڵات، ملیۆنان دۆلار بباتە دەرەوە.